زیاتر لە سێ هەزار سەرباز و دوو کەشتی جەنگی ئەمریکا روانەی دەریایی سوور کران

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمریکا زیاتر لە سێ هەزار سەرباز و دوو کەشتی جەنگی روانەی دەریایی سوور کرد و  ئێرانیش رایگەیاند، جووڵەکانی ئەمریکا ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا درووستدەکات.

تیم هاوکینس، فەرماندەی یەکەی پێنجی هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند،” نزیکەی سێ هەزار سەرباز و دوو کەشتی جەنگییان لە دەریایی سووردا جێگیر کردووە.

گوتیشی، “ئامانجیان رووبەڕووبوونەوەی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، کە بەهۆی رەفتارەکانی ئێرانەوە روودەدەن، وەکو دەستبەسەردا گرتنی کەشتی بازرگانیی.”

هاوکات، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، “بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەرگیز ئاسایشی دەستەبەر نەکردووە، بەڵکو هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بووەتە هۆی ناسەقامگیری و پشێویی.”

گوتیشی، “ئێمە دڵنیاین لەوەی کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان دەتوانن ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.”

بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جوڵەکەیان لە کاتێکدایە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە دوو رۆژی رابردوودا، رێگرییان لە دوو هەوڵی ئێران کردووە بۆ دەستبەسەردا گرتنی دوو کەشتی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی عەمان.

 لەبەرامبەردا ئێرانیش رایگەیاند، یەکێک لەو کەشتییانە خۆیان بە کەشتییەکی وڵاتەکەیاندا کێشاوە و پێنج سەرنشینی کەشتییەکەیان بریندار کردووە.