ئێران و روسیا بۆ یەکلاکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران ڕاوێژ دەکەن

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سیشەممە، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا رایگەیاند، ئاسۆکانی پلانی هەمەلایەنەی هاوبەش بۆ یەکلاکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە میانەی ڕاوێژ لەگەڵ جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران لە تاران تاوتوێ دەکرێت.

سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، گرنگییەکی سەرەکی بە یەکلاییکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دراوە و مەبەستی سەرەکی درێژەدانە بە هەوڵەکان بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەکە، کە بە بڕیارنامەی 2231 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەندکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕاوێژکارییەکان لەگەڵ هاوکارە ئێرانییەکان لەئەمڕۆ و دوێنێدا ئەنجامدراوە، کە تیایدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە مۆسکۆ و تاران رێککەوتون لەسەر تێگەیشتنیان لەسەر ئەو تەحەددایانەی کە جیهان ڕوبەڕوی بوەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارنامەیە بەهۆی سیاسەتی “زۆرترین”ی ئەمریکا لەسەر ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ،کە هیچ هەوڵێک لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ سەپاندنی هەندێک پلان و ڕێبازی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن، کە بریتین لە زیانگەیاندن بە هاوکاریی ڕەوا و قازانجی هاوبەشی ڕوسیا و ئێران، لە بوارە جیاوازەکاندا، قبوڵ ناکرێت”.

ساڵی 2015 بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین، ڕوسیا، ئەمریکا، فڕەنسا و ئێران ڕێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد، کە بە “پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن” ناسراوە، کە بریتی بوە لە هەڵگرتنی سزاکان لە بەرامبەر سنوردارکردنی هێزی ئەتۆمی ئێران.