سوریا نرخی دەرمان بە رێژەی 50% بەرزکردەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

وەزارەتی تەندروستی سوریا، نرخی سەدان جۆری دەرمانی بەرزکردەوە، کە هەندێکیان رێژەی 50%ی تێپەراند.

وەزارەتی تەندروستی سوریا له پۆستێکدا له پەیجی فەرمی خۆی له تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە “بە پشتبەستن بە بریارەکانی بانکی ناوەندیی سوریا سەبارەت بە بەهای لیرەی سوری بەرامبەر دۆلار کە لە 24ی مانگی رابردوودا دەرچووە، نرخی دەرمان بە رێژەی 50% بۆ 65% بەرزدەکرێتەوە”.

بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی سوریی بەرامبەر بە دۆلار و پەسەندکردنی نرخی ئاڵوگۆری بانکی ناوەندی کە لە 17ی مانگی یەکەمی ئەمساڵ دەرچووە، چەندین تاقیگە و کارگەی دروستکردنی دەرمان بەرهەمهێنانیان راگرت.

 لەسەرەتای ئەمساڵیش وەزارەتی تەندروستی سوریا بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانی ناوخۆی راگەیاند، کە هەزاران جۆری دەرمانی لەخۆگرتبوو، کە بەشێکیان بەرێژەی لە سەدا 80 بەرزبووە.

تاوەکو پێش ساڵی 2011 و دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، لە سەدا 93 دەرمانی نێو دەرمانخانەکانی سوریا لە کارگەکانی ئەو وڵاتە دروستدەکران، بەڵام ئێستا زۆرێک لەو کارگانە بەهۆی شەرەوە لەکارکەوتوون.