هەولێر – نۆرس پرێس
پاش 14 ساڵ، وڵاتانی پەیماننامەی هاریکاریی ئەمازۆن، لەسەر دۆخى سییەکانى زەوی کۆدەبنەوە، پێش ئەوەی دارستانە باراناوییەکە بگاتە خاڵێک کە گەڕانەوەى ئەستەم بێت.
هەشت وڵاتی ئەمریکاى لاتین، لە شاری بێلێمی بەرازیل، بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، ئامانجیان دانانی سیاسەتێکی هاوبەشە بۆ پاراستنی دارستانە باراناوییەکە.
وڵاتانى ئەندام، داوا لە بازرگانان و سەرمایەداران دەکەن، هاوکاربن لە دووبارە سەوزکردنەوەی 30 ملیۆن هێکتار زەوی دارستانەکە.
ئەمازۆن لەپاڵ ئەوەی ماڵی زیاتر لە 50 ملیۆن هاوڵاتى خێڵە جیاوازەکانە، زیاتر لە پێنج هەزار جۆر گیانلەبەر و 40 هەزار جۆر رووەکیشى تێدایە، هاوکات کلیلی فێنککردنەوە و سییەکانى زەوییە، بە ملیۆنەها درەختی تێدایە، پاشماوەی کاربۆن هەڵدەمژن و ئۆکسجین دەکەنە بەرگەهەوای زەوییەوە.
ئەمازۆن نزیکەی 60%ی دەکەوێتە خاکى بەڕازیلەوە، وڵاتەکەش بەڵێنیداوە تاوەکو ساڵی 2030، لەناوبردنی نایاسایی دارستانەکە کۆتایی پێبهێنێت و فشار بخاتەسەر وڵاتانی دیکەش هەمان کاربکەن.
شارەزایان هۆشداریی دەدەن، لەناوبردنی دارستانی ئەمازۆن لەوانەیە بگاتە خاڵێک، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر کەشوهەوای زەوی هەبێت.