واشنتۆن پابەندبوونی خۆی بە هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دووپاتدەکاتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دووپاتیکردەوە و ستایشی ئەنجومەنی ئاسایشی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتانی کرد لە بەهێزکردنی ئەو هاوبەشییەدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پنتاگۆن، ئەمرۆ سێشەممە 8/8/2023، لەمیانی کردنەوەی دیالۆگی هاوکاری ئەمنی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە واشنتۆن پێشوازی لە هاوتا عێراقییەکەی سابت عەباسی کرد.
ساڵی 2008 رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و عێراق لە ژێر ناوی “رێککەوتنی ستراتیژیی” واژۆ کرا و لە کۆتایی هەمان ساڵدا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکرا و لە مانگی یەکی ساڵی 2009 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئۆستین گوتی: مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەردەوامیان هەیە، جەختیشیکردەوە “ئەمریکا پابەندە و بەردەوامە لە مەشق و راوێژکردن، هاوکاریکردن و ئاڵوگۆری هەواڵگری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق”.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ستایشی “ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە هەڵمەتی گەیشتن بە شکستی هەمیشەیی داعش” کرد.
دوو رۆژ لەمەوبەر هێزە عێراقییەکان رایانگەیاند، سێ ئەندامی داعشیان لە بەغدای پایتەخت دەستگیرکردووە.
ئۆستین داوای لە شاندی عێراقی کرد بەردەوامبن لە گەرانەوەی هاوڵاتیانی عێراقی لە کەمپەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و دووبارە گونجاندنی پەنابەرەکان لە نێو کۆمەڵگەی عێراقیدا و دادگایکردنی تاوانبارەکان کە دەستیان لە کوشتن و رفاندن هەیە.