دەربارەی رۆشتنی نەیمار لە پاریس.. باوکی وەڵام دەداتەوە
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
باوکی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، باسی لە ئەگەری جێهێشتنی کوڕەکەی کرد لە هاوینی ئەمساڵدا لە “باخچەی شازادەکان”.
دوێنێ دووشەممە، رۆژنامەی “ل یکیپ” بڵاویکردەوە کە نەیمار داواکارییەکی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی پاریس بەجێبهێڵێت و بەنیازی وایە بگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە.
باوکی نەیمار، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی تیشکی خستۆتەسەر، گوتی: “ناتوانم ئەو هەواڵە پشتڕاست بکەمەوە کە رووی نەداوە، ئەم هەواڵە لە شوێنێکەوە هاتووە، با هەوڵبدەین لە مەبەستی پشتەوەی ئەو هەواڵە تێبگەین”.
نەیمار تا هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ سان جێرمان هەیە، کە ئەگەری هەیە بۆ وەرزێکی دیکە نویبکرێتەوە.
لە وەرزی رابردووەوە چەندین راپۆرت بڵاوبوونەتەوە کە نەیمار لەلایەن ئیدارەی پاریسەوە نەخوازراوە، بەهۆی زۆری پێکانەکانی و مووچە زۆرەکەیەوە، جگە لە پەیوەندییە گرژەکانی لەگەڵ هەوادارانی.