سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، “سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆز کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواستووە”.

لە راگەێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە سەرۆکوەزیران هەموو پشتگیریی و هاریکارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا دەربڕیوە.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە، “باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، ئەو لە نزیکەوە ئاگاداری خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستانە لە پێناو مافە رەواکانی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پيشاندا”.