دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دوو “هێرشی توند”یان بۆ سەر پێگەی گروپەکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی “دیفاع وەتەنی” لە هەمان کاتدا ئەنجامدا، لە هەردوو شاری رەققە و دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “دیفاع وەتەنی” لە دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارانی رێکخراوەکە بە دۆشکە بازگەی “ئەلقەوس”یان لە شارۆچکەی مەعدان عەتیق کردۆتە ئامانج، کە خاڵێکی پشکنینی هاوبەشی نێوان “دیفاع وەتەنی” و گروپەکانی سەر بە ئێرانە.
دواتر شەڕ و پێکدادان سەریهەڵدا و چەکدارەکانی داعش دەستیان بەسەر بازگەکە و دوو بنکەی پاسەوانی نزیکیدا گرت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی رێکخراوەکە سەربازێکی بازگەکەیان کوشتووە، کە نەیتوانیوە هەڵبێت بەهۆی تەقەکردنی زۆرەوە، هەروەها چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر چەک و دوو ئۆتۆمبێلی پیکاب و پاسێکدا گرتووە، کە بۆ شەو مانەوە تێیدا بەکار دەهێنرا و ئاگریان لە بارەگای بازگەکە بەرداوە.
دوای ئەوەش هێرشبەرەکانی داعش بەرەو بیابانەکە کشاونەتەوە، لەگەڵ کاروانێکی “دیفاع وەتەنی” کە دەهاتن بۆ پاڵپشتی بازگەکە، تێکهەڵچوون، بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەندامێکی دیکەی “دیفاع وەتەنی” کوژراوە و دووی دیکەش برینداربوون.
لە هەمان کاتدا چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی ئارپیجی و دۆشکە هێرشیان کردوەتە سەر سێ پێگەی لیوای “فاتمیونی ئەفغانی” لە بادیە ئەلمەسریب لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “فاتمیونی ئەفغان”ەوە رایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە بارەگایەکی لۆجستیکی گروپەکە و خاڵەکانی پاراستنی نزیک لێیەوە کردووەتە ئامانج ، لە چواردەوری بادیە ئەلمەسریب لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی “فاتمیونی ئەفغانی” برینداربوون، جگە لە زیانەکانی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە مەبەست لێی گواستنەوەی خۆراک بووە بۆ بارەگاکە.