حکومەتی دیمەشق تانکەرێکی ئاو و ئۆتۆمبێلێکی کۆکردنەوەی خاشاک دەبەخشێتە شارێکی کوردی

حەسەکە – نۆرس پرێس

شاندێکی وەزاری حکومەتی دیمەشق سەردانی شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستانی کرد و تانکەرێکی گواستنەوی ئاو و ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی خول و خاشاک بەدیاری بەخشی پارێزگاکە، دیاریەکە بووەتە جێگەی گاڵتە و رەخنەی دانیشتوانی شارەکە.

شەممەی رابردوو، ئاژانسی فەرمی حکومەتی سوریا “سانا” بڵاویکردەوە، “شاندێکی وەزاری سەردانی شاری حەسەکەیان کرد بۆ بینینی دۆخی خزمەتگوزاری لەو پارێزگەی حەسەکە و رێگاکانی پشتیوانیکردنی، چونکە پارێزگەکە بە دەستی داگیرکەران (ئەمریکا و تورکیا) دەناڵێت”.

شاندەکەی حکومەتی سوریا، پێکهاتبوو لەحسێن مەخلوف وەزیری کارگێری خۆجێی و ژینگە،  تەمام رەعد وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، فایز میقداد یاریدەدەری وەزیری کشتوکاڵی سوریا.

چەند رۆژێک دوای سەردانەکە، لە سەر راسپاردەی شاندەکە، تانکەرێکی ئاو و ئۆتۆمبێلێکی کۆکردنەوەی خۆل و خاشاک بەخشرا بە شارەوانی شارەکە، ئەم دیارییە بووەتە هۆی شەپۆلێکی گاڵتەکردن و رەخنەکردنی بە تایبەتی لە سۆشیال میدیا.

پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان بە تەواوەتی لە ژێر کۆنترۆلی هێزەکانی سوریا دیموکرات هەسەدە و بەرێوەبەرایەتی خۆسەردایە، جگە لە ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی، کە دەکەوێتە ناوەراستی شاری حەسەکە ولە ژێر کۆنترۆلی حکومەتی سوریادایە.