هەواڵگری تورکیا هەشت کەس لە سەرێ کانیێ دەستگیر دەکات
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هەواڵگری تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ میلیشیای “شورتەی عەسکەری” دڵسۆز بۆیان، هەڵیانکوتایە سەر گوندی ئەلمەبروکە لە گوندەواری سەرێ کانیێ لە باکووری حەسەکە و هەشت کەسیان بە تۆمەتی “تیرۆر” دەستگیر کرد کە لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە هاتبوون بۆ گوندەکە.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، یەکەیەکی ئەمنی سەر بە هەواڵگری تورکیا، بە پاڵپشتی “شورتەی عەسکەری”، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر 5 ماڵ لە گوندی مەبروکە لە گوندەواری شارەکە و 8 کەسیان بە تۆمەتی “تیرۆر” دەستگیرکردووە کە دووانیان چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەرەوە گەشتبوونە گوندەکە و بەنیاز بوون بەرەو تورکیا و لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا بڕۆن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ئاوەرای خەڵکی شارەکانی حومس، رەققە و دێرەزوور بوون.