دیمەشق – نۆرس پرێس
نەیجەر، ئەو وڵاتەی دەکەوێتە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقاوە، خۆی بۆ جەنگێکی چاوەڕوانکراو ئامادە دەکات، لەگەڵ داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە، دوای تەواوبوونی وادەی دیاریکراو بۆ گروپی “ئێکواس”، کە ئامادەن بۆ دەستێوەردانی سەربازی.
دوێنێ یەکشەممە، نەیجەر ئاسمانی وڵاتەکەی تا ئاگادارکردنەوەی دیکە داخست، بە ئاماژەدان بە هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی کۆمەڵەی ئابووری ئەفریقا (ئێکواس)، دوای ئەوەی سەرکردەکانی کودەتاکە وادەی دیاریکراویان بۆ گەڕاندنەوەی “محەممەد بازوم”ی سەرۆکی لەکارلابراو رەتکردەوە.
نوێنەری ئەنجومەنی سەربازی کە بازومی لە پۆستەکەی دوورخستەوە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: “لە بەرامبەر هەڕەشەی دەستێوەردان کە ئێستا زیاتر روونبووەتەوە (..) ئاسمانی نەیجەر لەمڕۆوە دادەخرێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد، جێگیرکردنی هێز لە دوو وڵاتی ئەفریقای ناوەڕاستدا هەبووە، وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە بۆ دەستێوەردانەکە، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بخاتەڕوو. بەڵام ستایشی “ئامادەیی خەڵک و هێزەکانی بۆ بەرگریکردن لە نەیجەر” کرد.
دوای کودەتاکەی 26ی تەمووز، سەرکردەکانی بەرگری کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا (ئێکواس) رێککەوتنیان لەسەر ئەگەری پلانی کردەوەی سەربازی، لە لایەن محەمەد بازوم سەرۆکی ” هەڵبژێردراوی دیموکراتیانە “ی وڵاتەکە راگەیاند، کە ئازاد بکرێت و لە ماوەی هەفتەیەکدا بگەڕێنرێتەوە سەر کارەکەی کە رۆژی یەکشەممە کۆتایی هات.
شەوێکی تەواو تێپەڕی بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک لەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتی دەستێوەردانی سەربازی گوماناوی هەبێت، لە کاتێکدا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە گروپەکە هێشتا هەوڵی ئەوە دەدات کاتێکی زیاتر بە کودەتاچییەکان بدات.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، پێویستە “ئێکواس” وادەی گەڕانەوەی بازوم بۆ سەر پۆستەکەی درێژبکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “تاکە رێگا دیپلۆماسییەتە کە دەتوانرێت وادەی کارکردنەکەی پێ درێژبکرێتەوە”.
پێشتر هەزاران لایەنگرانی ئەنجوومەنی سەربازی (گرووپی کودەتاکە) روویان لە یاریگایەکی شاری نیامی پایتەخت کرد و دڵخۆشییان دەربڕی بە بڕیاری دەستلەکارنەکێشانەوە تا وادەی دیاریکراو.
وڵاتانی ئەفریقا دابەشبوون لە نێوان نەیارانی دەستێوەردانی سەربازی لە نەیجەر، وەک بورکینافاسۆ، مالی و جەزائیر و لایەنگرانی دەستێوەردانەکە، وەک گروپی وڵاتانی ئەفریقای “ئێکواس” کە وڵاتی نەیجیریا، کە لە باشووری نەیجەرەوە هەڵکەوتووە، سەرۆکایەتی دەکات.