رووسیا دوو بەرکەوتنی ئاسمانی “ترسناک” لە سوریا رادەگەێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

روووسیا رایگەیاند، دوو بەرکەوتنی ئاسمانی “ترسناک” لەنێوان فڕۆکەکانی Su-35 و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی دیکەی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ئاسمانی سوریا روویانداوە، هاوکات 14 جار “پێشێلکاری”ی پرۆتۆکۆڵی بەریەکنەکەوتنی نێوان ئەو دوو هێزەیان لەو وڵاتە راگەیاندووە.

جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی لە سوریا (حمەێمیم)، ڤادیم کۆلێت، دوێنێ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9ی ئەمریکی لە ئاسمانی رەققە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فڕۆکەکانی Su-35 نزیکبوونەتەوە، لە 5ی ئەم مانگەدا.

نزیکبوونەوەیەکی دیکەی مەترسیداری سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-9 کە سەر بە هاوپەیمانییە، لە فڕۆکەی جۆری Su-35  تۆمارکراوە، لە کاتژمێرەکانی ئێوارەی یەکشەممەدا، لە ئاسمانی ئیدلب.

ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو بەرکەوتنە لە دووری 100 بۆ 500 مەتر روویانداوە.

ئەمریکاش بەهەمانشێوە، ئەم جۆرە لێکخشاندنە “مەترسیدارانە”ی لە مانگی رابردوودا لەلایەن فڕۆکەکانی رووسیاوە تۆمارکردووە و پەیامێکی هۆشداریشی لە پەرەسەندنی گرژییەکان ئاراستەکرد.

پەیوەندیداردا بەم دۆخەوە، ناوەندی رووسیا رایگەیاندووە، کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا 14 جار لە ماوەی دوێنێ یەکشەممەدا، لە ئاسمانی سوریا، پرۆتۆکۆڵەکانی بەریەکنەکەوتنیان پێشێلکردووە و تەنها لە ناوچەی تەنەف 16 پێشێلکاریان تۆمارکردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر