هەولێر – نۆرس پرێس
چیرۆکى رفاندنى ژنان و کچان لە سودان، چیرۆکى نوێ نین، بەڵکو بە درێژایی ململانێ چەکدارییەکانى ئەو وڵاتە بەردەوامیان هەیە کە ماوەى چەندین دەیەیە نەوەستاوە.
رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى راپۆرتێکى بڵاوکردەوە، تێیدا بەسەرهاتى ژنان و کچانى رفێنراو کە لەلایەن هێزى پشتیوانى خێرا بە سەرۆکایەتى محەمەد حەمدان دەقلو و سوپاى سودان بە سەرۆکایەتى عەبدولفەتاح بورهان ئاشکرا کرد.
جەنگى نوێی ناوخۆیی سودان 110 رۆژە بەردەوامە، ئەو وڵاتەى بەرەو ئایندەیەکى نادیار بردووە، بەو هۆیەوە تا ئێستا سێ هەزا و 900 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ ملیۆن و 500 هەزاریش ئاوارە بوون.
ئەم جەنگە تەنها کوشتن و ئاوارەبوونى بە دواى خۆیدا نەهێناوە، بەڵکو بەهۆى ئەم جەنگەوە ژنان و کچانى سودان رووبەڕووى مەترسى رفاندن بونەتەوە.
لەسەر رفاندنى کچان و ژنان لە سودان، دەستپێشخەری سەدەی ئەفریقی بۆ هاوکاری ژنان کە بە (صەیحە) ناسراوە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، 31 کچ بێسەرشوێن بوون و ئەم ژمارانەش لە زۆربووندان.
صەحیە لە دەستپێشەخەرییەکەیدا کە بۆ ئاژانسى فرانس پرێسى ناردووە، باس لەوەدەکات کە گومانیان هەیە ژمارەى رفێنراوەکان زۆر زیاتربێت، چونکە پێیان وایە لە ترسى هەڕەشەى هێزە چەکدارەکان تۆمارکردنى ناوى رفێنراوەکان کەمتربێت.
پێگەى صەحیە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، وێنەى ئەو ژن و کچە رفێنراوانەیان بڵاوکردوەتەوە، لەگەڵیشدا ژمارەیەکى مۆبایلى داناوە تا لە رێگەیانەوە هەواڵیان لەبارەیانەوە دەست بکەوێـت.
لە بارەى ونبوەکانى ماوەى جەنگى نوێی ناوخۆیی سودان، گروپى سودانى بۆ قوربانیانى رفێنراو، باس لەوە دەکات کە ئەوان تا ئێستا 430 سکاڵایان بینیوە کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ ونبوونى کەسوکاریان تۆمارکراوە.
بەگوێرەى بەدواداچونى لایەنە فەرمییەکان، دوو هۆکارى سەرەکى لە رفاندنى ژنانى سوداندا هەیە، ئەوانیش بەدەستهێنانى پارە و بەردەوامبونى نا ئارامییەکانى ناوخۆى وڵاتەکەیە.
بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسە و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى سەر ژنانى سودان، هەفتەى رابردوو داواکارى گشتى لە دادگاى تاوانە نێودەوڵەتییەکان، داواى لە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى دارفور بکات. پاش ئەویش چەند رێکخراوێکى دیکەى جیهان، لە ئێستادا کار بۆ کەمکردنەوەى ئازارەکانى سەر ژنانى سودان دەکەن.