تێلیگرام لە عێراق قەدەغە دەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی گەیاندنی عێراق، ئەمرۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام قەدەخەکراوە بە هۆکاری پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی داتا کەسییەکانی هاووڵاتییانە.

ئەمرۆ، وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە، بریاریاندا بە قەدەخەکردنی تەلەگرام، چونکە پێیوایە لەو رێگەیەوە زانیاری و داتا کەسییەکانی هاووڵاتییان دزەی پێکراوە و پێچەوانەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەپلیکەیشنەکەدا کراوە.

پێش ئەوەش راگرتنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام لە عێراق، لە دوانیوەرۆی دوێنێ شەممەوە، نارازییەکی زۆری لای بەکارهێنەران دروستکرد کە رەخنەیان لە بێدەنگی دەسەڵاتدارانی حکومەت گرت.

سەرەتا حکومەت هیچ لێدوانێکی نەدا لەسەر وەستاندنی ئەو ئەپڵیکەیشنەی کە بەشێکی زۆر لە عێراقییەکان بەکاریدەهێنن، ئەوان پەنایان بردە بەر بەکارهێنانی بەرنامەکان بۆ شکاندنی قەدەغەکردنی ئەپلیکەیشنەکە.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەروو، “دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت چەندین جار داوایان لە کۆمپانیای پەیوەندیدار بە بەرێوەبردنی ئەو ئەپڵیکەیشنە کردووە، هاوکار بن لە داخستنی ئەو پلاتفۆرمانەی کە دەبنە هۆی دزەپێکردنی داتای دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و داتای کەسی هاووڵاتیان، کە ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی عێراق، بەڵام کۆمپانیاکە وەڵامی نەدایەوە.

وەزارەتی گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە رێز لە مافی هاووڵاتییان دەگرن لە ئازادیی رادەبرین و گەیاندن، بەبێ ئەوەی دەست ببرێت بۆ ئاسایشی دەوڵەت و دامودەزگاکانی، متمانەشیان بەوەیە کە هاووڵاتییان لەو رێکارە تێدەگەن.

پێدەچێت قەدەغەکردنی ئەپلیکەیشنەکە هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە، بەو پێیەی تاوەکو ئێستا هیچ گلەیییەک لەسەر هیچ تێکچوونێک لە ئەپلیکەیشنەکەدا نەبووە لە ناوچەکانی هەرێم، کە خاوەنی تۆرەکانی ئینتەرنێت و کۆمپانیاکانی پەیوەندییە کە نزیکە لە بەغدا جیاببنەوە.