دامەزراوەکانی سعودیە چاویان لە وەبەرهێنانە لە یانەی بەرشەلۆنەدا

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا خواستی بەشێک لە دامەزراوەکانی سعودیە بۆ هاوکاری لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە پشتڕاستکردەوە.

رۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی لە ژمارەی دوێنێ شەممەیدا رایگەیاند، کە رەنگە شانشینی سعودیە رێگەچارەیەک بێت بۆ بەرشەلۆنە لەکاتێکدا یانە ئیسپانییەکی پێویستی بە نەختینەیەکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە داراییەکانی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەناو هەندێک دامەزراوەی سعودیەدا خواستێک هەیە کە بەشێک لە پارەکانیان لە یانەی بەرشەلۆنەدا وەبەربهێنن”.

راشیگەیاند، ئێستا دامەزراوە سعودییەکان چاوەڕێی هەڵوێستی بەرشەلۆنە دەکەن سەبارەت بە ئەگەری ناردنی پارە بۆ یانە ئیسپانییەکە بە ئامانجی وەبەرهێنان.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە سەردانەکەی “خوان لاپۆرتا”ی سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بۆ سعودیە کردووە، لەو سەردانەیدا لەگەڵ “یاسر ئەلمیشال”ی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی سعودیە و هەندێک کەسایەتی دیکەدا کۆبووەتەوە.

جەختی لەوەش کردوەتەوە کە “سعودیە تەنها هەوڵی ئەنجامدانی گرێبەستی جیهانی نییە بۆ خولی ناوخۆیی، بەڵکو ئامانجی فراوانبوونە لە سەرانسەری جیهان و ئەنجامدانی بازرگانییە لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی”.