دوو سەربازی سریانی بە بۆردومانێکی تورکیا لە باکووری حەسەکە شەهید بوون

تل تەمر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ، هەینیی دوو چەکداری ئەنجوومەنی سەربازیی سووریا بە تۆپبارانی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەواری شارۆچکەی تل تەمر لە باکووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەربازیی سووریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی تورکیا بە تۆپباران گوندەکانی ئەلدەردارە و قبورئەلقەراجنەیان لە گوندەواری باکووری شارۆچکەکە بۆردومان کرد”.

لە ئەنجامی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر گوندی دەردارە، دوو چەکداری ناو ئەنجومەنەکە گیانیان لەدەستدا بە ناوەکانی “یوسف موحسین المتراس و رادی مزال العثمان”.

ئەنجومەنی سەربازی سریانی، ئەو هێزانەن کە دەکەونە ژێر ئاڵای هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، لە هێڵەکانی پێشەوە لە گوندەواری تل تەمر جێگیرکراون.

ئەم بۆردومانەی تورکیا دوای سێ ڕۆژ لە ئارامی دێت لە هێڵەکانی پێشەوەی گوندەواری تل تەمر، دوای ئەوەی گوندەواری شارۆچکەکە هاوشێوەی ناوچە سنوورییەکانی تری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە سێ هەفتەی ڕابردوودا پەرەسەندنی سەربازی بوون بەرچاویان لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە، بەخۆوە بینیوە.