ترەمپ سوێند دەخوات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و شانازی بەو تۆمەتانە دەکات کە ئاراستەی دەکرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رەخنەی لەو تۆمەتە تاوانکارییە فیدراڵییانە گرت کە رووبەرووی دەبێتەوە، لە یەکەم رووداوی بانگەشەی هەڵبژاردندا کە تیایدا سوێندیخوارد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوودا سەربکەوێت لەوکاتەی بۆ جاری سێیەم تۆمەتبارکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 3ی ئابی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بۆ دواجار لە واشنتن دی سی چووە بەردەم دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون. ترەمپ رایگەیاند، ئەو تاوانبار نییە بەرامبەر بەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بە تایبەت تۆمەتی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020.
ترەمپ رووبەرووی چوار تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە بەهۆی هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دۆرانەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 بەرامبەر بە بایدن، لەوانە “پیلانگێری بۆ فێڵکردن لە ئەمریکا، رەتکردنەوەی مافی دەنگدان لە هاوڵاتیان و رێگریکردن لە پرۆسەی فەرمی”.
ترەمپ کە لە هەڵبژاردنەکانی 2020 شکستیهێنا و بەردەوام تیۆرییەکانی پیلانگێری هەڵبژاردنەکان بەرەوپێش دەبات، گوتی: هەوڵدەدەن پرسیارکردن لە ئەنجامە خراپەکانی هەڵبژاردنەکان نایاسایی بکەن.
ترەمپ خۆی بە بەختەوەر زانی کە رووبەرووی ئەو تۆمەتانە ببێتەوە، کاتێک وتی کە “هەر جارێک تۆمەتبار دەکەن، ئێمە لە راپرسییەکاندا پێشدەکەوین پێویستمان بە تۆمەتێکی دیکە هەیە بۆ داخستنی ئەم هەڵبژاردنە”، ئاماژەی بە دڵنیابوون لە سەرکەوتنی داهاتووی خۆی کردەوە.
ترەمپ تۆمەتەکانی ناو تۆمەتبارکردنەکەی بە “کردەوەی بێهیوایی” لە لایەن ئیدارەی بایدن ناوبرد.
لەسەر ئەو تۆمەتانە، بڕیارە ترەمپ لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو بچێتە بەردەم دادگە. بێجگە لەو کەیسە، ترەمپ لەلایەن دادگەیەکی نیویۆڕکەوە تۆمەتبار کرا بەوەی لەساڵی 2016، بەرتیلی بە پۆرن ستارێک بە ناوی ستۆرمی دانیاڵس داوە، تاوەکو پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاشکرا نەکات.