کودەتاکەی نەیجەر… واشنتۆن هاوکارییە دەرەکییەکان رادەگرێت و “ئیکواس”یش بیر لە دەستوەردانی سەربازی دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاتی هەندێک بەرنامەی هاوکاری دەرەکی بۆ حکومەتی نەیجەر راگرتووە، ئەمەش دوای هەفتەیەک لەو کاردانەوە نێودەوڵەتییانەی لێی کەوتەوە، ئەمەش لەبەر رۆشنایی ئامادەیی کۆمەڵێک وڵاتی ئەفریقا بۆ دەستوەردانی سەربازی لەدژی کودەتاکە .

ماڵپەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە زاری وەزیری بلینکنەوە نووسیویەتی کە بریاری وەستاندنی یارمەتییە بەشەکیەکان “رێوشوێنێکی کاتییە و کاریگەری لەسەر هەموو بەرنامەکانی هاوکاری دەرەکی نییە”.

وا دیارە ئەو رێوشوێنە ئەمریکییە بۆ ئەوە بێت کە ئەو یارمەتییانەی کە بۆ حکومەت دانراون نەگاتە ئەو گرووپەی کە هەینی رابردوو دژی سەرۆک محەمەد بازوم روویان کردەوە، بلینکن گوتی کە “هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی نەیجەر پەیوەستە بە حوکمرانی دیموکراسی و رێزگرتن لە نەزمی دەستووری”.

بەڵام وەزیری ئەمەریکا جەختی لە بەردەوامی ناردنی هاوکاری مرۆیی کردەوە.

بلینکن وتی وڵاتەکەی لە هەر شوێنێک کە بتوانێت بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی لە نیجەر، لەنێویاندا “ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسی و ئەمنییەکان بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمریکی”.

پێش ئەوەش، محەمەد بازوم، سەرۆکی لابراوی نەیجەر، لە وتارێکدا کە رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، هۆشداریدا لەوەی ئەو کودەتایەی سەرکردەکانی سوپا لەدژی ئەو ئەنجامیاندا “دەتوانێ لێکەوتەی ترسناکی بۆ وڵاتەکەمان و ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان.”

بازوم کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە نیامی پایتەخت دەستبەسەر کرابوو، ئاماژەی بەوەکرد: “من وەک بارمتەیەک ئەمە دەنووسم، تەنیا یەکێکە لەو سەدان هاوڵاتیەی کە بە ئارەزووی خۆیان و بە شێوەیەکی نایاسایی زیندانی کراون.

بازوم گوتی کە “یارمەتی دەرەکی لەسەدا 40ی بودجە پێکدەهێنێت”، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە “ئەگەر کودەتاکە سەرکەوتوو بێت” ناگەیەنرێت.

هاوکات کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا (ئیکواس) بیر لە دەستێوەردان لە دژی ئەنجومەنی سەربازی کودەتاکە دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا دڵنیایدەدات لەوەی کە بژاردەی سەربازی “دواهەمین بژاردەی سەر مێزە”.

دوێنێ هەینی لە ئەبوجای پایتەختی نەیجیریا، سەرۆک ئەرکانی وڵاتانی ئیکواس کۆبوونەوەی سێ ڕۆژەی خۆیان بە ڕاگەیاندنی هێڵکارییەکانی “دەستێوەردانی سەربازی ئەگەری” کۆتاییپێهێنا.

پێشتر رۆژی پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بە بۆنەی ساڵیادی سەربەخۆیی نەیجەر لە فەرەنسا، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بازومی کرد و رایگەیاند، واشنتۆن “لەگەڵ گەلی نەیجەر وەستاوە لە کاتێکدا رووبەرووی تەحەدایەکی جددی دەبێتەوە بۆ دیموکراسیەکەی”.

بازوم داوای لە حکومەتی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو “یارمەتی گێرانەوەی رێکوپێکی دەستووری بدەن”، ئاماژەی بەوەشکرد، “نەیجرییەکان هەرگیز پشتگیریتان لەبیرناکەن لەم ساتەوەختە گرنگەی مێژووماندا”.

لە لایەکی دیکەوە، مالی و بورکینافاسۆ کە لە رابردووشدا رووبەرووی کودەتا هاوشێوەکان بوون و روونە کە پشتگیری لە گرووپی کودەتاکە دەکەن لە نەیجەر، رایانگەیاند کە هەر ئۆپەراسیۆنێک لە دژی نیامی دەتوانرێت بە “راگەیاندنی شەر” لە دژی ئەوان بچوێنرێت .