کۆنسڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کارەکانی تەواو بوو
هەولێر– نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی، دیدارێکی بۆ ماڵئاوایی رێکخست و بڕیارە لە هەولێریش هەمان دیدار سازبکات.
دیدارەکە بەمەبەستی کۆتاییپێهێنانی کارەکانی هیکس هات لە هەرێمی کوردستان، وابڕیارە بەمزوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنسڵێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت.
گۆڕینی کۆنسوڵی ئەمریکا پەیوەندیی بەو سیستەمە پەیڕەوکراوە هەیە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پەیڕەو دەکرێت و ئەو وادەیەی وەکو کۆنسوڵ بۆی دیاریکرابوو تەواوبووە، دەبێت کۆنسوڵێکی نوێ لە جێگای دابمەزرێنرێت.
دیدارەکەی سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و ئەندامانی باڵای حیزب و لایەنە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسان و چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو.
ئێرڤن هیکس، کە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو بە کۆنسوڵی ئەمریکا لە دوای رۆبەرتۆ پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی پێشوو دەستبەکاربوو، کۆتاییەکانی ئەم مانگە کۆتایی بە کارەکانی لە هەرێمی کوردستان دێت و بڕیارە هەر ئەم مانگە کۆنسوڵێکی نوێ لە شوێنی دەستبەکاربێت.
ئێرڤن هیکس ، پێشتر لە نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی لە ئۆفیسی ئاسایش دانوستاندنکاری سەرەکی بووە، هەروەها راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە بۆ هێزی هاوبەشیی سەربازی لە ناوچەی قۆچی ئەفریقا کە بنکەکەی لە وڵاتی جیبۆتییە، هەروەها پێشتر جێگری باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە لە نواکشۆتی پایتەختی مۆریتانیا و لە واشنتنیش لە نووسینگەی سیاسەتی بەڕێوەبردن کاریکردووە و راوێژکاری باڵا بووە بۆ کاروباری رێکخستنەوەی پەیکەری بەڕێوبەریی و نوێکاری.