بەڕێوبەری خۆسەری دەستپێکردنی پرۆژەی راکێشانی ئاوی بۆ حەسەکە راگەیاند

عامودا – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوی کوردستان دەستپێکردنی پرۆژەیەکی بۆ راکێشانی ئاو لە باشووری عاموداوە بۆ ناوچەکانی حەسەکە، تلتەمر و گوندەکانی دەوروبەری راگەیاند.

بەڕێوبەرێتی خۆجێی لە هەرێمی جەزیرە لە راگەێنراوێکدا کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی نۆرس پرێس کەوتووە رایگەیاندووە، “بە فەرمی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی راکێشانی ئاوی خواردنەوە، لە باشووری عاموداوە، لە گوندەکانی سنجق سەعدون و گوندی گندورەوە بۆ شاری حەسەکە، رادەگەێنین”

ئەوەسیان خستووەتەڕوو، کە ئەم پڕۆژەیە یەکەم پڕۆژەیەی لەو جۆرەیە و بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و پێشەنگەکانی کەرتی ئاو دادەنرێت، بەهۆی رەهەندە مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانییەوە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “ئەم پڕۆژەیەی دەرهێنانی ئاو بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە شاری حەسەکە و ئەو گوندانەی کە دەکەونە سەر هێڵی راکێشانەکە.

روونیشیانکردوەتەوە، کە دوای چەندین لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە لەلایەن ناوەندەکانی توێژینەوەوە لە دامەزراوەکانی ئاو و فەرمانگەکانی بەڕێوبەری خۆسەری، ئەوەیان سەلماند کە “بەردەستبوونی ئاوی خواردنەوە بە کوالیتی بەرز و ئاوی نوێبووەوە و بەردەوام لە باشووری ناوچەی عامودا، دوای تەواوکردنی توێژینەوە پێویستەکان و وردبینی و لە لایەن بەڕێوبەری خۆسەریەوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیەوە، پەسەندکرا”.

 لە لایەکی دیکەوە، ستیر موراد، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێی و ژینگە، رایگەیاند، “ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بە فەرمی دەستپێکردنی پڕۆژەی راکێشانی ئاو لە گوندەکانی سنجق سەعدون و گوندی گندورەوە بۆ حەسەکە رابگەێنین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئامانجی پڕۆژەکە خزمەتکردنە بە ملیۆنێک کەس لە حەسەکە و تلتەمر و گوندەکانی دەورووبەری، لەڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوە”، هیوای خواست کە رێکخراوەنێودەوڵەتییەکان پاڵپشتی پڕۆژەی ئاوکێشان بکەن بۆ تەواوکردنی لە زووترین کاتدا.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی