مباپێ بەردەوامە لە “جەنگی دەروونی” بەرامبەر بە بەڕێوبەرانی یانەکەی
ژووری وەرزشی – نۆرس پرێس
بە درێژایی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ، کیلیان مباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، بەردەوامە لە “جەنگی دەروونی” لەگەڵ بەڕێوبەرانی یانەکەی.
رۆژنامەی “مارکا” رایگەیاندووە، مباپێ گرنگی بەو فشارانە نادات کە بەڕێوبەرانی پاریس دەیخەنە سەری و ئارامی و زەردەخەنەی خۆی لەبەردەم کامێراکاندا پاراستووە و واژۆی یادگاری بۆ هاندەرانی دەکات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەستێرە فەرەنسییەکە بەردەوام بووە لە وروژاندنی یانە پاریسیەکە بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا جلێکی تەواو سەوزی لەبەردایە و بە پێکەنینەوە دەردەکەوێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگینەدان بەوانەی کە لەو ماوانەی دواییانەدا روودەدەن.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کیلیان تەمەن 24 ساڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەرپرسانی سانجێرمان بۆ خێزانەکەی و پارێزەرەکەی جێهێشتووە و پابەندە بە خواستەکەیەوە کە لە سەرەتای گرفتەکەوە رایگەیاندووە.
گۆڵکاری مێژوویی سانجێرمان خواستی خۆی راگەیاند کە تا کۆتایی گرێبەستەکەی لە مانگی حوزەیرانی 2024 لە گەڵیانەکەی بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، چونکە بەڕێوبەرانی یانەی پاریس بە دوورخستنەوەی لە گەشتە ئاسیاییەکان سزایاندا.
رۆژنامەی مارکا ئاماژەی بەوەدا کە ترسێک لەنێو کاربەدەستانی پاریسدا هەیە، سەبارەت بە ئۆفەرێکی فەرمی یانەی ریال مەدرید بۆ ئەوەی مباپێ بە نرخێکی کەم لە کۆتا رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا بگوازنەوە بۆ ریزەکانیان.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە هەوڵەکانی پاریس سانجێرمان کاریگەری نەبووە لەسەر هەڵوێستی مباپێ، هەموو ئاماژەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ململانێکان بۆ مانگێکی نوێ بەردەوام دەبێت، هەروەها مباپێ ئامادەیە بە درێژایی مانگی ئابی ئەمساڵ خۆی راگرێت.