دەسەڵاتدارانی تورکیا 31 کۆجبەری سوریا رادەستی دەروازەی گرێ سپی دەکەنەوە

رەققە– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 31 پەنابەری سورییان رادەستی دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە کردەوە، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لەلایەن پاسەوانی سنوور “جەندرمە”وە دەستبەسەر کرابوون، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا لە رێگەی دەروازەی “سەرێ کانیێ”وە، کە لە ژێر دەسەڵاتی گروپەکانی لایەنگری ئەنقەرەدایە، بپەڕنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە دەروازەی گرێ سپی، ئەو کۆچبەرانەیان وەرگرتووەتەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدابووە، دوای ئەوەی زانیاری و وێنەی کەسیی و چاپی دەست و چاویان لێوەرگیراوە، گواستراونەتەوە بۆ بنکەی “شورتەی عەسکەری” سەر بە تورکیا لە شاری گرێ سپی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی رادەستی “شورتەی عەسکەری” کراون لە بارەگاکەیاندا راگیراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، هاوکات ئەو ژن و منداڵانە گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرخانەی “پۆلیسی مەدەنی” بۆ تەواوکردنی رێکارەکان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی مانگێکدا دوو جار رادەستکردنی دەستگیرکراوەکان لە لایەن تورکیاوە ئەنجام دەدرێت، کە سەرەتا و کۆتایی مانگن، بەپێی ژمارەی دەستگیرکراوەکان.

سێشەممەی رابردووش دەسەڵاتدارانی تورکیا 8 کەسیان لە سنووری تورکیا و سوریا، لە رۆژئاوای شاری گرێ سپی لە باکووری رەققە دەستبەسەر کرد، لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا سنوورەکە ببەزێنن، لەوێوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئەو شارە، بەڵام ئەوانە لەنێو ئەو کەسانەدا نەبوون کە ئەمڕۆ رادەست کرانەوە، بەپێی هەمان سەرچاوە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد