تورکیا پشتیوانی سەربازی دەنێرێت بۆ چیای زاوییە لە ئیدلیب

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی تورکیا کاروانێک، کە کەرەستەی لۆجستی و سەربازیی تێدابوو، رەوانەی ناوچەکانی ئاگربەست کرد لە باکووری رۆژئاوای سوریا، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی نوێبوونەوەی پەرەسەندنی سەربازی نێوان هەردوو لایەنی ململانێکان لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کاروانێکی سەربازی تورکیا کە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی و لۆجستی و زرێپۆشی تێدابووە، لە رێگەی دەروازەی سنووری کفرلوسینەوە چوونەتە ناو خاکی سوریاوە و ئۆتۆمبێلەکانیش بەرەو پێگە تورکییەکان لە چیای زاویە، لە باشووری ئیدلب رۆیشتوون .

ئاماژەیان بەوەشکرد، کاروانەکە هەشت زرێپۆشی و بارهەڵگری لەخۆگرتبوو، کە یەکێکیان بولدۆزەری سەربازیی هەڵگرتبوو و ئەوی دیکەیان دیواری دروستکردنی بەربەست، پێدەچێت ئامانج لەم کارەش ​​بەهێزکردنی پیگەکانی تورکیا بێت کە نزیکن لە هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێز و پشتیوانی سەربازیی زیاتر بۆ ئیدلب، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی سەربازیی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و رووسیا لە لایەک و میلیشیا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا لە لایەکی دیکەوە.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد