رووسیا ئەمریکا بە ئەنجامدانی “پێشێلکاری ئاسمانی” نوێ لە ئاسمانی سوریا تۆمەتبار دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا 14 جار “پێشێلکاری ئاسمانی”یان لە سوریا، لە ناوچەی تەنەف ئەنجامداوە، کە بە گوتەی رووسیا 13 لەوانە “پێشێلکاری پرۆتۆکۆڵی بەریەکنەکەوتن” بووە.
جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، ڤادیم کۆلێت، رایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رۆژی چوارشەممە، 13 حاڵەتی “پێشێلکاری پرۆتۆکۆڵی بەریەکنەکەوتن” تۆمارکردووە کە لە 9ی کانوونی دووەمی 2019 واژۆکراوە.
ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پێشێلکارییانە پەیوەندییان بە فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە هەیە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی رووسی.
لە راگەێنراوەکەی ناوەندی رووسیادا هاتووە کە ژمارەی “پێشێلکارییەکانی ئاسمانی سوریا” زیادیانکردووە، تەنها دوێنێ چوارشەممە 14 “پێشێلکاری “لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە ناوچەی تەنەف، “کە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان تێیدا تێدەپەڕن” تۆمارکراون.
هەروەها ئەمریکا رایگەیاند کە لە ماوەی مانگی تەمموزی رابردوودا، فڕۆکەکانیان تووشی ژمارەیەک هەراسانکردنەوە بوون لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی رووسیاوە، کە هەندێکیان بە “مەترسیدار” وەسف کرد.
جێگری سەرۆکی ناوەندی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە ئەمریکییەکان “دۆخی مەترسیدار لە ئاسمانی سوریادا” دروست دەکەن.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر