سەرۆك وەزیرانی تونس لەپۆستەكەی دورخرایەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

سەرۆکی تونس لە رێورەسمێکی فەرمیدا و بە هۆکاری نادیار سەرۆکی حكومەتی وڵاتەكەی لەپۆستەكەی دورخستەوە و و بەرپرسێكی دیكەی بۆ شوێنەكەی دیاریكرد.

قەیس سەعید، سەرۆکی تونس دورخستنەوەی نەجلا بۆدن سەرۆکی حکومەتی وڵاتەکەی راگەیاند و ئەحمەد حەشانی پارێزگاری بانكی ناوەندی وەک جێگرەوەی دیاریکرد.

ئەم گۆڕانگارییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابوری و داراییەی کە لە ئێستادا رووبەرووی وڵاتەکە دەبێتەوە و شڵەژانێکی بەردەوامی بۆ هاوڵاتیانی و دەسەڵاتدارانی دروستکردووە.

سەرۆکایەتی تونس لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایکرد، لە رێورەسمێکی فەرمیدا، ئەحمەد حەشانی سوێندی یاسایی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەتی وڵات لە بەردەم سەرۆکی وڵاتدا خوارد.

هۆکاری لە کارلابردنی نەجلا بۆدن ئاشکرا نەکراوە کە یەکەم ژنە سەرۆک بووە لە مێژوی حکومەتی تونسدا، لە کاتێكدا چەند ئاژانسێکی هەواڵی ئەو وڵاتە ئەوەیان خستەروو کە سەرۆکی وڵات نیگەران بووە لە جێبەجێکردنی کاروبارەکانی حکومەت لە رووی کەمی بڕی هەندێک ماددە خۆراکی وەک گەنم و نان.

قەیس سەعید لە میانەی رێورەسمی دیاریکردنی سەرۆکی نوێی حکومەتی وڵاتەکەی و لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا گووتی، لە پێناو ئیرادەی گەلەکەمان و جێبەجێکردنی دادپەروەیدا کاردەکەین و ناگەڕیینەوە دواوە.