سوید دەستدەکات بە جێبەجێکردنی مه‌رجه‌كانی توركیا بۆ ئه‌ندامبون له‌ ناتۆ

هەولێر – نۆرس پرێس

سوید رەزامەندی دەربڕیووە کەسێک لە لیستەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە رادەستی تورکیا بکاتەوە.

ئەمەش لەلایەن کەناڵی پەخشی گشتی سویدی SVT بڵاوکراوەتەوە کە دوێنێ پێنجشەممە حکومەتی سوید بڕیاری لەسەر ئەو بابەتە داوە، بەگوێرەی هەواڵێکی SVT، ئەو کەسە لە میدیاکانی تورکیادا وەک یەکێک لە کەسە داواکراوەکانی ئەردۆگان ناوی هاتووە.

ئه‌ردۆگان لیستی داواكارییه‌كانی بۆ راده‌ستکردنەوەی 73 كه‌س بۆ توركیا پێشكه‌شی سوید كرد، دوای ئه‌وه‌ی سوید بڕیاریدا داوای بە ئه‌ندامبوون بکات له‌ هاوپه‌یمانی به‌رگریی ناتۆ.

دەوترێت ئەو کەسەی رادەست دەکرێتەوە پیاوێکی تەمەن 35 ساڵە و رەگەزنامەی تورکیای هەیە، بەپێی راپۆرتی SVT و رۆژنامەی ئێکسپرێسنی سویدی، ئەمە یەکەم کەسە لە لیستی ئەردۆگاندا کە سوید رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنەوەی.

دادگای باڵای تورکیا ئەو کەسەی لە ساڵانی 2013 و 2016 دا بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی کارتی بانک سزا داوە، سزای زیندانیکردنی ئەو پیاوە کە بە چەند تۆمەتێک بە تاوانبار ماوەی 14 ساڵی بۆ دانراوە لە لایەن دادگای تورکیاوە.

بەپێی هەواڵێکی SVT، ئەو پیاوە تاوانەکەی ڕەتدەکاتەوە. ناوبراو لە دانیشتنی دادگای باڵای سویددا ڕایگەیاند کە بە هەڵە سزا دراوە بەهۆی ئەوەی ئاینەکەی لە ئیسلامەوە گۆڕیوە بۆ ئایینی کریستیان و پاشان رەتیکردووەتەوە خزمەتی سەربازی بکات.

جگە لەوەش ئەو پیاوە پێی وایە، ئەوەی کە دایکی کوردە، کاریگەری لەسەر ئەو بڕیارە هەبووە کە لە دادگای تورکیاوە دەرچووە.

دادگای باڵای سوید لە کۆتایی مانگی تەمموزدا بڕیاریدا کە هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ڕادەستکردنەوەی ئەو پیاوەدا نییە. بەپێی ئامارەکانی دادگای باڵا، هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەو پیاوە لە تورکیا گۆشەگیری لەسەر بکرێت.

مۆرگان یۆهانسۆن وەزیری ناوخۆ و دادی سوید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی SVT لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە دا و وتی: “ئەمە بابەتێکی رۆتینی ئاساییە. ئەو کەسەی کە قسەی لەسەر دەکرێت هاووڵاتیی تورکیایە و بە تۆمەتی ساختەکاری سزا دراوە.”

هەروەک رایگەیاند” ساڵی ڕابردوو داواکاری ڕادەستکردنەوەمان پێگەیشت. دادگای باڵا مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتەدا کردووە و بڕیاریداوە کە هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ڕادەستکردنەوەکەدا نییە.”

ئەو کەسە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە بە هۆی داواکاری ڕادەستکردنەوە لە سوید دەستبەسەر کراوە.

کامیلا وێستەر، ئەو پارێزەرەی کە نوێنەرایەتی ئەو پیاوەی کردووە لە کاتی پرۆسەی یاسایی ڕادەستکردنەوەدا، لێدوانی لەسەر بڕیارەکەی سوید بۆ ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن داوە و دەڵێت:” ڕادەستکردنەوەی ئەو بۆ شتێکی لەو جۆرە بە تەواوی ناعەقڵانییە.”

سه‌رۆک کۆماری تورکیا بەهەمان شێوە داوای کردووه‌ لە فینله‌ندیش له‌ به‌رامبه‌ر قبوڵکردنی ئه‌ندامێتی ناتۆ، ئەو که‌سانه ڕاده‌ست بکاتەوە که‌ به‌ تیرۆریست پۆلێنی کردوون.

لەم دواییانەشدا، لە مانگی تەمموزدا، ئەردۆگان هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەستەم بێت بۆ فینلاند و سوید بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەگەر بە داواکارییەکانی ڕازی نەبن.

ئەردۆگان جگە لە رادەستکردنەکان، داوای کردووە فینلاند و سوید بە زووترین کات یاساکانی تیرۆریزم  لە وڵاتەکانیاندا بگۆڕن.