بەفەرمی سادیۆ مانێ بۆ نەسری سعودی
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، یانەی نەسری سعودی رایگەیاند، بە فەرمی گرێبەستێکی لەگەڵ “سادیۆ مانێ”ی سەنیگالی، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن، واژۆکردووە، ئەمەش دووهەم گرێبەستی لەوشێوەیەی یانەکەیە لە گەڵ ئەستێرە جیهانییەکاندا، پاش رۆشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بۆ ئەو یانەیە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاژانسە وەرزشییە عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە کە یانەی نەسر بە فەرمی لەگەڵ ئەستێرە سەنیگالییەکە رێککەوتووە، هەروەها ناوی مانێ لە لیستی یاریزانە بەشدارەکانی یانەکەدا، بۆ جامی شا سەلمان دانراوە.
روپەڕی فەرمی یانەی نەسر، گۆرانییەکی بۆ ئەستێرە سەنیگالییەکە بڵاوکردەوە، مانێش پەیامێکی بۆ هاندەرانی لە جیهاندا نارد، لەکاتێکدا درێسی یانەکەی لەبەردا بوو و گوتی: “ناتوانم چاوەڕێ بکەم تا گوێم لە دەنگی ئێوە بێت لە یاریگادا، لە ریاز دەتانبینمەوە”.
بە گوێرەی ئەو وێنانەی یانە سعودییەکە لە کاتی راگەیاندنی گرێبەستەکەدا بڵاویکردوونەتەوە، سادیۆ مانێ درێسی ژمارە 10 لە یانەی نەسردا وەردەگرێت.