دیپۆرتکردنەوەی 115 پەنابەری سوریا لە رێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 115 پەنابەری سورییان لە دەروازەی سنووری گرێ سپییەوە لەگەڵ تورکیا، لە باکووری شاری رەققە، کە گروپە لایەنگرەکانی جەیش وەتەنی سەر بە ئەنقەرە کۆنترۆڵی دەکەن، دیپۆرت کردەوە.

سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندو، دوێنێ دەسەڵاتدارانی تورکیا 115 پەنابەری سوورییان لە تورکیاوە بۆ گوندەواری رەققە، لە دەروازەی سنووری گرێ سپییەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە، بە زۆرەملێ راگواستووە و رەوانەی سوریا کراونەتەوە، کە نزیکەی 20 ژنیان تێدایە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا تەوژمەکانی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوری نیشتەجێی تورکیا، زیادی کردووە و زۆربەیان لە دەروازەکانی گرێ سپی لە گوندەواری رەققە و سەرێکانیێ لە باکووری حەسەکەوە، کە لە ژێر کۆنترۆڵکردنی لایەنەکانی سەر بە تورکیادایە، رەوانەی ئەو ناوچانە دەکرێنەوە لە نێو خاکی سوریادا.

هەینی رابردوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا 80 پەنابەریان بۆ باکووری سوریا، لە دەروازەی سەرێکانیێوە دیپۆرتکردەوە.

دوێنێ سێشەممەش، دەروازەی باب ئەلسەلامە لە گوندەواری حەڵەب ژمارەی ئەو سوریانەی راگەیاند کە  کە لە ماوەی مانگی تەمموزدا “خۆبەخشانە” گەڕاونەتەوە و ژمارەیان 2236 پەنابەرن.

دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکیان لە دژی ئەو پەنابەرە سوورییانە دەستپێکردووە کە لە سەر خاکی تورکیا نیشتەجێن، بە تایبەت شاری ئیستانبوڵ، بە گوتەی چالاکوانان لە سەرەتای مانگی رابردووەوە زیاتر لە سێ هەزار کەسیان دیپۆرت کردووەتەوە.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد