بەریتانیا بەفەرمی تاوانەکانی “داعش”ی دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، حکومەتی بەریتانیا بەفەرمی تاوانەکانی “داعش” لە ساڵی 2014دا کە دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی ئەنجامیاندا، بە “جینۆساید” ناساند.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەێنراویکی دوێنێیدا گوتی:”ئەمڕۆ سێشەممە، شانشینی بەریتانیا بە فەرمی دانی بەوەدانا کە داعش لە ساڵی 2014دا جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامداوە”.
هەروەک تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، “ئێزیدییەکان نۆ ساڵ لەمەوبەر ئازاری زۆریان بەدەستی داعشەوە چەشت و کاردانەوەی ئەوەش تا ئێستاش ئامادەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دادپەروەری و لێپرسینەوە دوو کاری سەرەکین لە پیناو ئەو کەسانەی ژیانیان لێ تێکدرا”.
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لەناربردنی یەکجارەکی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.
پێشتریش حکومەتی بەریتانیا سەرکۆنەی کارە دڕندەییەکانی داعشی لە دژی ئێزیدییەکان کردبوو، بەڵام دوێنێ بەفەرمی تاوانەکانی داعش دژ بە هاوڵاتیانی کوردی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا، “بوندستاگ”، تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە دژی ئێزیدییەکان لە عێراق بە جینۆساید ناساند و کۆمەڵێک رێکاری پشتیوانی بۆ ئێزیدییەکان پێشنیار کرد.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، لەوکاتەدا کە داعش هێرشی کردە سەر شەنگال لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 6000 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاندووە.