داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەیەکی پاکستان گرتە ئەستۆ کە بووە هۆی کوژرانی 54 کەس
هەولێر – نۆرس پرێس
داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە پاکستان راگەیاند کە لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردنی پارتێکی لایەنگری تاڵیباندا لانیکەم 54 کەسی کوشت، ئەمەش یەکێکە لە هێرشە کوشندەکانی ناوچەکە لەماوەی ساڵانی رابردوودا.
بەگوێرەی میدیا جیهانیەکان، راگەیاندنەکەی رێکخراوی “داعش” لە پارێزگای خوراسان لەمیانەی بەیاننامەیەک هات کە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڵاوکرایەوە.
تەقینەوە خۆکوژییەکە کە یەکشەممەی لە ناوچەی باجاور لە باکووری رۆژئاوای وڵات روویدا، بەشێک بوو لە هێرشە بەردەوامەکانی ئەو رێکخراوە کە ناوبەناو لەو وڵاتەدا بەردەوامی هەبوو.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە هێرشەکەدا 54 کەس کوژراون کە لانیکەم پێنجیان منداڵن و نزیکەی 200 کەسیش برینداربوون.
لە 30ی کانوونی دووەمیش، خۆکوژێک خۆی لە ناو مزگەوتێکی شاری پیشاوەر لە باکووری رۆژئاوای پاکستان تەقاندەوە و نزیکەی 70 کەسی کوشت.
لە ساڵی 2014 دا 147 کەس کوژراون کە زۆربەیان منداڵی قوتابخانە بوون، لە هێرشی تاڵیبان بۆ سەر قوتابخانەیەکی پیشاوەر کە سەر بە سوپا بووە.