ئاوی حەسەکە: یونیسێف پێی راگەیاندین کە کێشەی ئاوی عەلووک سیاسییە نەک تەکنیکی
حەسەکە – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە، 31ی تەمموزی 2023، بەرپرسێکی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاوی خواردنەوە لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، یونیسێف پێی راگەیاندوون کە کێشەی ئاوی وێستگەی ئاوی عەلوک بە هۆکاری تەکنیکی نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە.
یونیسێف چەند جارێک نێوەندگیری لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا کردبوو، بەو مەرجەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر هێڵی کارەبا بۆ وێستگەکە و ئەو ناوچانەی کە تورکیا کۆنترۆڵی دەکات دابینبکات، لە بەرامبەردا ئەم دووەمیان رێگەی بە کارکردنی وێستگەی عەلووک دا، بەڵام چەند جارێک لێکتێگەیشتنەکەی پێشێل کرد، بە وتەی ئەو بەرپرسە.
عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەرێوبەرایەتی گشتی ئاوی خواردنەوە لە حەسەکە، بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، یونیسێف چەند جارێک دەستوەردانی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی دانیشتوانی حەسەکە بە بەرێوەبردنی وێستگەی عەلووک، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک نەبووە، و یونیسێفیش هەوڵەکان “سەرکەوتوو نەبوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە “وەک دەستپێشخەرییەک” بووە، بەڵام لە کۆتاییدا یونیسێف گوتی: “پرسەکە سیاسییە، و پرسێک یان کێشەیەک نییە کە پەیوەندی بە بەشی تەکنیکی یان هەر کەموکورییەکی تەکنیکییەوە هەبێت”.
ئەو بەرپرسەی ئاو لە حەسەکە، تورکیای تۆمەتبار کرد بە پەیرەوکردنی سیاسەتی برینی ئاوی وێستگەی عەلوک، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی ئاوارەکردنی خەڵکی ناوچەکە و دانانی ئاستەنگی لەبەردەم پرۆژەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر.