کۆبانێ.. پرۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ 1050 ماڵ

کۆبانێ – نۆرس پرێس

هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە هەرێمی فورات (کۆبانی) رۆژئاوای کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکەی ئاوی شارۆچکەی سەڕین لە گوندەواری باشووری شارەکە، دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بۆ فراوانکردنی تۆڕی ئاو بۆدابنیکردنی ئاوی خواردنەوە 1050 ماڵ لە پێنج گوندی هەڵکەوتووی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعوود بوزی، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ رایگەیاند، ئەو گوندانە چەند ساڵێکە بەدەست کێشەی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، هەروەها ئاوی سەرزەوی بەردەست نییە، ئاوی ژێر زەویش بۆ خواردنەوە شیاو نییە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکە بریتی دەبێت لە فراوانکردنی تۆڕی ئاوەکە بە درێژیی پێنج هەزار مەتر، هەروەها دروستکردنی عەمبارێکی زەمینی بە توانای 100 مەتر سێجا.

ئاو لە رووباری فوراتەوە بۆ شارۆچکەی سەڕین و لەوێشەوە بۆ عەمبارە نوێکە دەگوازرێتەوە، پاشان ئاوەکە بەرەو گوندەکانی (سەرێکانیێ، خەراب بیرکیر، کیڤون، عەرنە، کەرەک) دەگوازرێتەوە لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی سەڕین، بە گوتەی بوزی.

ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە دوو مانگ مەزەندە دەکرێت و تێچووی مەزەندەکراو لە نێوان 200 بۆ 250 هەزار دۆلاردایە.

سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ، کاری دروستکردنی تانکییەکی 1400 مەتر سێجایی لەسەر گردی مشتەنوور لەو شارە تەواو کرد، کە بە تێچووی 211 هەزار دۆلارجێبەجێکرابوو، بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی نزیکەی هەزار ماڵ لە چوار گەڕەکی شارەکەدا چارەسەر بکات، کە لە رابردوودا بەدەست کێشەی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە دەیانناڵاند.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان