ئێران داوا لە تورکیا دەکات هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەڵێ بژاردەی سەربازیی گونجاو نییە
دیمەشق – نۆرس پرێس
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە تورکیا کرد هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بژاردەی سەربازیی “چارەسەرێکی گونجاو” نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای ئەو گوتووێژانەی کە رۆژی دووشەممە لەگەڵ فەیسەڵ میقداد هاوتا سورییەکەی لە تاران ئەنجامیدا، ئەمەی راگەیاند.
عەبدوڵڵاهیان گوتی، “پێشنیارەکە ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا خاکی سوریا بەجێبهێڵن و بەپێی خشتەیەکی کاتی بگەڕێنەوە ناوچە سنوورییەکانیان”.
عەبدوڵڵاهیان پێیوابوو، “ئەوە شتێکی لۆژیکییە کە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستەبەر بکرێت، دوای گەڕانەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ خاکی خۆیان”.
دیمەشق، زیاتر لە جارێک لە میانەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، مەرجی کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لە ناوچەکانی سوریا راگەیاندووە، لە کاتێکدا تورکیا بە نیازە ئەو هێزانە بهێڵێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە هێزێکی سەربازیی هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، لە جەنگی روبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”دا.
وەزیری دەرەوەی ئێران باوەڕی خۆی دەربڕی کە بوونی “هێزە بیانییەکان” لە سوریا هیچ یارمەتیدەر نابێت بۆ سەقامگیری و ئاسایش لەم بوارەدا، سەرەڕای “تێگەیشتنی لە نیگەرانییەکانی تورکیا” سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ سوریا.
عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوە کردەوە کە بوونی سەربازی لە سوریا چارەسەرێکی گونجاو نییە، بە لەبەرچاوگرتنی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکانی (رووسیا، سوریا، تورکیا و ئێران) “بە گونجاوترین ئامرازی دیپلۆماسی بۆ رێککەوتن لەسەر سنووری هاوبەشی سوریا و تورکیا و جێگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە”.
هەروەک وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە درێژەی هەوڵەکانی ئێران و رووسیا وەک ناوبژیوان و گەرەنتیکار لەم ئاراستەیەدا کرد.