بارانبارینی بەخوڕ، هەزاران دانیشتووی شاری پەکین ناچار دەکات ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن

هەولێر – نۆرس پرێس

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە کە پەکینی پایتەختی وڵاتەکە، ئەمساڵ زۆرترین ئاستی بارانبارینی تۆمارکردووە و باری نائاسایی لەشارەکە راگەیەندراوە و 31 هەزار کەس ناچارکراون ماڵەکانیان لە شارەکەدا چۆڵبکەن.

ناوەندی نیشتمانی کەشناسی چین رایگەیاند، بارانبارینی بەخوڕ لە پایتەخت و چەند ناوچەیەک لەنێویاندا هێبی و تیەنجین بەردەوامە.

بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی شارەکە، تێکرای بارانبارین لە پەکین لە ماوەی شەوێکدا 140.7 ملیمەتر بووە، زۆرترین بارانبارینی لە ناوچەی فانگشان تۆمارکراوە 500.4 ملیمەتر بووە.

پێشبینی دەکرێت ئەمرۆ دووشەممە، لە ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوا بارانێکی بەخوڕ ببارێت.

دوکسوری یەکێکە لە بەهێزترین زریانەکان کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رووی لە چین کردووە و لە کۆتایی هەفتەدا لافاوێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە لە باشووری پارێزگای فوجیان، ئەمەش وایکردووە سەدان هەزار کەس ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

میدیاکانی وڵاتەکە رایانگەیاندووە کە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوون تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراوە.

لەگەڵ ئەوەی پێشبینیدەکرێت زریانەکە بەردەوام بێت، دامەزراوەى کۆنتڕۆڵ کردنی لافاو و فریاگوزاری وشکە ساڵی پارێزگاکان بڕیاریدا ئاستی وەڵامدانەوەی کۆنتڕۆڵ کردنی لافاو و حاڵەتە فریاگوزاریەکانی گەردەلوول لەئاستی سێیەمەوە بۆ ئاستی دووەم بەرز بکاتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە پێنج زریان لە باکوورى چین روویداوە.