هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامن لە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بەبیانۆی جۆراوجۆر
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دوشەممە بەشێک لە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانی گوندی “ئاغدەر” لە پێش بنکەی هێزەکانی حکومەتی ئێران لە شەقامی “خومەینی”ی شاری تیکاب لە ئێران کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەبڕی.
جێی باسە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی ئاغدەر و زیاتر لە 50 هاوڵاتی کوردیان دەستبەسەر کردووە کە تاکوو ئێستە ناسنامەی 29 کەسیان ئاشکرا بووە.
لەلایەکی ترەوە سدیق ڕێحانی و ڕێبوار عەبدوڵڵاهی دوو چالاکی خەڵکی شاری سنە کە ڕۆژانی 17 و 21ی مانگ دەستبەسەر کرابوون، ئەمڕۆ دووشەممە بە دانانی بارمتەی 300 و 500 ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کران.
هەروەها هێزە ئەمنیەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر گوندی ئاقدەرە لە تیکاب و بە دەیان هاووڵاتی دەستەسەرکرد و بریندارکرد.
جێی باسە لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی ئاقدەرە لە تیکاب لەسەر دانەمەزراندنی خەڵکی ئەو گوندە لە کانی زێڕی ئاقدەرە و هێرشی هێزە ئەمنیەکان، نارەزایەتییەکە توندوتیژی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنیەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ئاقدەرە و دەیان هاووڵاتییان دەستبەسەر و بریندارکردووە.