دوو ئەندامی گروپێکی لایەنگری تورکیا لە باکووری شاری حەلەب برینداربوون
گوندەوارەکانی حەلەب – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە دوو ئەندامی گروپی لایەنگری تورکیا بریندار بوون، دوای شەرو پێکدادان لەگەڵ پۆلیسی مەدەنی لە شاری ئەخترین لە باکووری حەلەب.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، پێکدادان و توندوتیژی لەنێوان هەردوو گروپەکە بە چەکی سوک و دۆشکە ڕوویداوە، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی ئەندامێکی گروپی گەردەلولی باکوور لەلایەن پۆلیسی مەدەنییەوە، کە لە ئەنجامدا دوو ئەندامی گروپەکە برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەردەلولی باکور داوای پاڵپشتی لە گروپی ئەلموعتەسیم کردووە، ئەوانیش کاروانێکیان لە شاری مارع بەرەو ئەخترین ناردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێکدادانەکان لە دەروازەی شارەکە و نزیک بازگەی ئەلقەوس فراوانتربوون کە لەلایەن پۆلیسی مەدەنییەوە کۆنترۆڵکراوە.
ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەربە تورکیاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، شەڕو تەقینەوەی بەردەوام لەو ناوچانەدا ڕوودەدات.