ميقداد: دڵخۆشین بەو بەرەوپێشچوونەی لە ناوچەکەدا روودەدات
دیمەشق – نۆرس پرێس
فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، “رازین لە پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی دیپلۆماسی کاریگەر لە نێوان وڵاتەکاندا ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بووە، هەرکەسێک هەوڵی رێگریکردن لەم هەوڵانە بدات دەبێت بزانێت کە گەلی عەرەب بێزارن لە پراکتیزەکانی ئەمریکا”.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی سوریا ئەمرۆ لە تاران لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران هات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی سوریا پەیوەندی بە هەوڵە عەرەبییەکانەوە کرد لە لوتکەی جەددە، ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی بریارەکانیان کرد کە سوریا ببێتەوە بە ئەندامی کۆمکاری عەرەبی، بەڵام برا عەرەبەکانمان ناچێتە ژێر رەشبگیری رۆژئاواییەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی رۆژئاوا رێگری لە گەرانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا دەکەن بە بیانووی ئەوەی کە بارودۆخەکان لەبار نین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پشتگیری لە هەموو دەستپێشخەرییەکان دەکەن بۆ گەرانەوەی ئاوارەکانی سوریا.
میقداد روونیکردەوە کە هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بۆ سووریا ئەنجام دراون، دەستیان پێکردووە.
لە بەرامبەردا عەبدوڵڵاهیان گوتی، “باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد لە بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی خەڵکی دوو وڵاتەکەمان بکات”.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێکرا و گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە درا و جەخت لە دەستوەردانی دەرەکی کرایەوە.
عەبدوڵڵاهیان لە کۆتایی قسەکانیدا هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا ئیدانە کرد و ئیسرائیلی بە “سەرچاوەی سەرەکی ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە” وەسفکرد، هەروەها داوای لە هێزە ئەمریکییەکان کرد سوریا بەجێبهێڵن چونکە دەرچوونیان دەبێتە هۆی گەیشتن بە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە”.