لە هەرێمی کوردستاندا 135 نەخۆشخانە و 1047 بنکە خزمەتی تەندروستی پێشکەش دەکەن

هەولێر- نۆرس پرێس

ژێرخانی تەندروستی هەر وڵاتێک گوزارشتە لەو توانا مرۆیی و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییانەى کە هەن و بە پێی ژمارەى دانیشتووان و نەخۆشانى ئەو وڵاتە دەپێورێن.

ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی (WHO)، چەند پێوەرێکی بۆ هەڵسەنگاندنی ژێرخانى تەندروستی وڵاتان دیاری کردووە، کە پێکهاتوون لە ژمارەى نەخۆشخانە و بنکە و سەنتەرە پزیشکییەکان، تێکڕاى دانیشتووان بەرامبەر بە ژمارەى پزیشکان، تێکڕاى دانیشتووان بۆ پزیشکانی ددان، ژمارەى قەرەوێلە بەردەستەکان بۆ پێشوازیکردن لە نەخۆش، ژمارەى پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و ئامێرە تەکنەلۆژییە پزیشکییەکانە.

بە پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستاندا 135 نەخۆشخانە کە 52 ئەهلی و 83 حکوومین و هەزار و 47 بنکەى تەندروستیش هەن بنکەکان 16%یان دەکەونە شارەکان 32% دەکەونە قەزاکان 11% لە ناحیەکان و 41% لە گوندەکانن.

ڕێژەى هەرە بەرزی بنکە تەندروستییەکان کە خزمەتگوزاری گونجاویان تێدا پێشکەش دەکرێت و فشار لەسەر نەخۆشخانەکان کەم دەکەنەوە کەوتوونەتە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان.

 ژمارەى قەرەوێلەى ئامادەکراو بۆ مانەوەی نەخۆشەکان، کۆی گشتی قەرەوێلەى بەردەست، 11 هەزار و147 قەرەوێلەیە کە 8 هەزار و 179یان لە کەرتی حکومین و 2 هەزار و 968 قەرەوێلەش لە کەرتی تایبەتن.

 بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان بۆ ژمارەى قەرەوێلە بەرامبەر ژمارەى دانیشتووان لە پێش هەریەک لە وڵاتانی عێراق و سووریا و ئوردن و ئێران و بەحرەین و قەتەرە.

لە بارەى ژمارەى پزیشکانەوە، کۆی ژمارەى پزیشکان لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 871 پزیشکە، لە ڕووی کۆی پزیشکانی ددانیش بۆ هەر 10 هەزار کەسێک هەزار و 464 پزیشکی هەیە و لە پێش وڵاتانی ئێران و سعودیەیە، بۆ ژمارەى پەرستارانیش خاوەنی 22 هەزار و 147 پەرستارە، کە ڕێژەى هەرە بەرزیان کچ و ژنن.

کۆى گشتی ئەو ئامێرە ستراتیجییە پزیشکییانەى لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هەن و لە کاردان، 6 هەزار و 177 ئامێرن و بەردەوامیش لە زیادکردندان.