سێهەم دەستدرێژی لەماوەی چەند رۆژێکدا.. کوژرانی پەنابەڕیکی دیکەی سوریا لە ئیزمیری تورکیا
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، گەنجێکی پەنابەری سوریا، کە خەڵکی شاری حەڵەبی باکووری سوریایە، لە ویلایەتی ئیزمیری تورکیا بە دەستی تورکەکان کوژرا، ئەمەش سێهەمین رووداوی هاوشێوەیە لە ژێر رۆشنایی زیادبوونی هێرشە رەگەزپەرستییەکان، کە دژ بە پەنابەرانی سوریا تۆمار کراوە.
دوو رۆژ لەمەوبەر پەنابەرێکی سوریا لە ئەستەنبوڵ لەلایەن تورکە رەگەزپەرستەکانەوە تەقەی لێکرا و هەینی رابردووش لە هەمان ویلایەتدا منداڵێک بە چەقۆ کوژرا.
سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئەو گەنجە سورییە ناوی “محەمەد عەلی ئەلمحەمەد”ە و تەمەنی 20 ساڵە، لە قەزای کۆنەک لە شاری ئیزمیری تورکیا لەلایەن رەگەزپەرستەکانەوە بە چەقۆ کوژراوە.
ئەو گەنجە سورییە خەڵکی شاری حەڵەبە لە باکوری سوریا و سێ ساڵ لەمەوبەر بەمەبەستی کارکردن بەرەو تورکیا رۆشتووە.
لەم دواییانەدا هێرشە رەگەزپەرستییەکان دژ بە پەنابەرانی سوریا لە تورکیا پەرەی سەندووە، بەتایبەتی لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و ئیزمیر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دژ بە سورییەکان دەستیپێکردووە.