حکومەتی سوریا 770 هەزار تۆن گەنمی وەرگرتووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولەتیف ئەلئەمین، بەڕێوەبەرێتی گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵەی سوریا رایگەیاند، تا ئێستا کۆمپانیاکە نزیکەی 770 هەزار تۆن گەنمی لەم وەرزەدا وەرگرتووە.

ئەلئەمین، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی نیمچە فەرمی، رایگەیاند کە هێشتا وەرگرتن بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکرد، وەرزەکە لە کۆتاییدایە و دوا وادەی وەرگرتنی گەنم سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا کە پارەی ئەو گەنمەی لە لایەن جووتیارانەوە رادەست دەکرێن، یەک لە دوای یەک سەرف دەکرێت، هەمووان بەپێی ئەو بڕە گەنمەی رادەستیانکردووە پارە وەردەگرن.

ئەلئەمین دووپاتی کردەوە کە هەر دەنکە گەنمێک نرخی خۆی هەیە، لەبەرئەوە حکومەت بڕی 3 هەزار ملیار لیرەی سوری بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەم وەرزە تەرخانکردووە، لەو بڕەش نزیکەی هەزار و 500 ملیاری سەرف کراوە، بەپێی لێدوانەکەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، “کاروباری ئێمە بۆ ئەم وەرزە باشە لەڕووی دەستەبەرکردنی گەنمەوە بە بەراورد بەو بڕە گەنمەی کە لە وەرزی رابردوودا رادەستکرا، لەم وەرزەدا و تا ئێستا زیاتر لە 200 هەزار تۆن زیاتر لە پار وەرگیراوە”.

ئەلئەمین ئاشکرای کرد، بڕی ئەو گەنمەی کە لە ساڵی 2022دا وەرگیراوە 521 هەزار تۆن بووە، کە بڕێکی کەمە، بەڵام بە بەراوردکردنی ئەو رێژەیە لەگەڵ ئەمساڵدا، بۆمان دەردەکەوێت کە زیادبوونێکی باش هەیە، بەو پێیەی بڕی گەنمی وەرگیراو لەمساڵدا 366 هەزار تۆن بووە، ئەوەشی روون کردەوە کە پێویستی سوریا بۆ گەنم ساڵانە دەگاتە نزیکەی 2.200 ملیۆن تۆن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی