دێمبلی رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر گواستنەوەی بۆ پاریس سان جێرمان

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

عوسمان دێمبلی، ئەستێرەی فەرەنسی و هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە، رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر گواستنەوەی بۆ پاریس سان جێرمان لەم هاوینەدا.

گرێبەستەکەی دێمبلی تەمەن 26 ساڵە، لە هاوینی 2024دا لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە کۆتایی دێت، هەروەها پەیوەست کراوە بە سزای 50 ملیۆن یۆرۆوە لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە پێس وادەی خۆی، کە تا یەکی مانگی ئابی داهاتوو، سزاکە دەبێت بە دوو هێندە (100ملیۆن یۆرۆ).

فابریزیۆ رۆمانۆ، پسپۆڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەوروپا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تویتەر” نووسیویەتی: “دێمبلی رەزامەندی بۆ ئۆفەرەکەی پاریس سان جێرمان دەربڕیووە و گڵۆپی سەوزی بۆ گرێبەستەکە هەڵکردووە”.

شارەزاکەی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەوروپا رایگەیاند: “پاریس سانجێرمان بە شێوەیەکی زارەکی لەگەڵ بریکارەکەی دێمبلی لەسەر مەرجەکانی گرێبەستی دێمبلی بۆ ماوەی 5 ساڵ رێککەوتوون”.

گوتیشی: “پاریس نامەیەکی فەرمی ناردووە بۆ ئەوەی بەرشەلۆنە ئاگادار بکاتەوە کە بڕگەی دانی سزا کارا دەکات، ئێستاش هەوڵدەدات گرێبەستەکە بە باشترین شێوە یەکلایی بکاتەوە، کە تەنها پەیوەستە بە کاتەوە.”

بەهەمانشێوە نێیمار لە هاوینی 2017دا، بەرشەلۆنەی بەجێهێشت و روویکردە پاریس سانجێرمان، دوای ئەوەی یانەکە بەهای سزای گرێبەستەکەی (222 ملیۆن یۆرۆ)ی دا بە یانە کەتەلۆنییەکە.