برینداربوونی ژنێک و منداڵێک بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە بۆ سەر گوندەواری عەفرین
گوندەواری حەڵەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە بۆ سەر گوندەکانی قەزای شێراوا، لە گوندەواری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، ژنێک و منداڵێک بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی تورکیا گوندەکانی “گوندی مەزن، کەڵۆتیا، مەیاسا، و بورج ئەلقاس”یان لە قەزای شێراوە بۆردومانکردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکانی بۆردوومانەکە گواستراونەتەوە بۆ خاڵێکی پزیشکی لە ناوچەکە، بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستییان هەبێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، تۆپبارانەکە تا ئەم ساتەوەختە بەردەوامە.
دوێنێ یەکشەممە، درۆنێکی تورکیا شارۆچکەی تلرەفعەتی لە گوندەواری باکووری حەڵەب، کردە ئامانج، بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، تەنها زیانی ماڵیی لێکەوتووەتەوە.