بەهۆی ناکۆکییەوە لە سەر قاچاخچێتی.. پێکدادان لە نێو ئەندامانی گروپێکی سەر بە تورکیادا لە سەرێ کانیێ روودەدات

قامشلۆ– نۆرس پرێس

لە درەنگانی دوێنێ شەوی یەکشەممەدا، لە گوندەواری سەرێ کانیێ لە باکووری شاری حەسەکە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر داهاتی قاچاخچێتیەوە، پێکدادانی توند لەنێوان ئەندامانی گروپێکی لایەنگری تورکیا روویدا.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، پێکدادانێکی توندوتیژ لەنێوان ئەندامانی گروپی “شوهەدا ئەلبەد”ی سەر بە “جەیش وەتەنی” لایەنگری ئەنقەرەدا روویداوە، کە ناوچەکانی رۆژئاوای گوندەواری سەرێ کانیێیان کۆنترۆڵکردووە، لە پێکدادانەکەشدا چەکی قورس بەکارهێنراوە.

هۆکاری پێکدادانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان ئەندامانی گروپەکە لەسەر داهاتی “بەقاچاخبردنی مرۆڤ بۆ تورکیا” لە سنوورەکانی سوریاوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری دەربارەی برینداربوون یان مردن بەهۆی ئەوە پێکدادانەوە لەبەردەستدا بێت.

لە پاییزی ساڵی 2019ەوە تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانی، پاش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی شارەکانی سەرێ کانیێ و گرێ سپییان داگیرکرد و بەگوێرەی پەیامنێرانی نۆرس پرێس، ئەو دوو ناوچەیە لەوکاتەوە بەبەردەوامی پێکدادان و ئاژاوەی ئەمنی بەخۆوە دەبینن.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: روبین عومەر