دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند، لەگەڵ ئیمارات یەکەم مانۆڕی هاوبەشی هێزە ئاسمانییەکانیان ئەنجام دەدەن.
بەپێی راگەێنراوێکی کورتی وەزارەتەکە، مەشقەکان بەگوێرەی پلانی ساڵانە و ئەو کۆدەنگییەی نێوان هەردوولایە، لەماوەی مانگی ئابدا، لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی “شینگیانگ”ی چین بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەمە یەکەمجارە چین و ئیمارات جۆرە مانۆڕێکی سەربازیی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن، کە ئامانج لێی “قوڵکردنەوەی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی پراکتیکی نێوان هەردوو سوپا و بەرزکردنەوەی لێکتێگەیشتن و متمانەی یەکترە”.
مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، رۆژنامە رۆژئاواییەکان رایانگەیاندبوو، چین دەستی بە دروستکردنەوەی بنکە سەربازییەکەی کردووە لە ئیمارات، دوای ئەوەی بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمریکاوە کارەکانی وەستابوو.
چین و رووسیا بە دروستکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکان لە ناوچەکە، ئەمریکا توڕە دەکەن.
هەروەک لە راگەیەندراوی وەزاریدا قەبارە و وادەی ئەنجامدانی مەشقەکان بە وردی دیاری نەکراوە.