حمێیمیم: درۆنێکی ئەمریکی بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فڕۆکەیێکی جەنگیمان نزیکبووەتەوە لە ئاسمانی سوریا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی مەترسیدار لە ئاسمانی سوریا نزیک بووەتەوە لە فڕۆکەیەکی جەنگی رووسی، ئەمەش دوایین رووداوی لێکخشانی دووبارەبووەیە، کە لە ئاسمانی سوریادا رووبدات، لە ماوەی مانگی رابردوودا.
ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا “حمێیمیم” رایگەیاند، لە 30ی تەمموزدا، لە بەرزی 5000 مەتردا جارێکی دیکە نزیکبوونەوەیەکی مەترسیدار تۆمارکرایەوە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ سەرنشینی MQ-9ی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ فڕۆکەیەکی Su-34 لە دووری کەمتر لە 100 مەتردا.
ئەم رووداوە دوای رۆژێک دێت لە هۆشدارییەکی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، کە تیایدا رایگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ هەموو سیناریۆکانی رووبەڕووبوونەوە لە سوریا، سەرەڕای ئەوەی گوتی کە نایانەوێت ئەو رووبدات.
دوێنێ وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ماوەی مانگی تەمموزدا 340 جار سەلامەتی گەشتەکانیان لە سوریا پێشێلکردووە.
ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەدا کە لە دوایین پێکداداندا لە ئاسمانی رەققە، خۆیان بەدوور گرتووە.
ئەمریکا و رووسیا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی پێشێلکاری ئاسمانی مەترسیدار لە ئاسمانی سوریادا، کە لەماوەی مانگی تەمموزدا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لە زیادبوونی ئەگەری بەرکەوتنی سەربازی لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ دەکەن، کە لەگەڵ تاران “هەماهەنگی” دەکات، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا کە ئەمە هەوڵەکانی جەنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” تێکدەدات.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 12 جار “پرۆتۆکۆلی بەریەکنەکەوتنی” سەبارەت بە فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشێلکردووە.