تورکیا 40 کەسی بۆ سەرێ کانی دیپۆرتکردەوە و لەنێویاندا هاوڵاتی عێراقی هەیە
سەرێ کانی – نۆرس پرێس
دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی دوو هەفتە لە شاری ئورفا، هێزەکانی تورکیا 40 کەسیان بەرەو شارۆچەکەی سەرێکانی لە باکووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دیپۆرتکرد.
سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30\7\2023 لە ڕێگەی دەروازەی سەرێ کانییەوە لە باکووری حەسەکە ئەنجامدرا، پرۆسەی دیپۆرتکردنەکە 40 کەسی لە خۆی گرتبوو، 35یان سوریی بوون و پێنجیان عێراقی بوون، لە نێویاندا منداڵ و ژنیان تێدابوو”.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، هێزەکانی تورکیا دوای وەرگرتنی سەرجەم داتا و زانیاری دەستبەسەرکراوەکان، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیان ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بەیەکجاری ڕێگری لە گەڕانەوەیان بۆ نێو تورکیا بکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، پۆلیسی سەربازیی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا لە شاری سەرێ کانی بە بیانووی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ئەمنی پێویست، دووبارە ئەو 40 کەسەیان دەستبەسەرکرد.