لە ناوچەکانی بەرەی نوسرە قەیرانی بەنزین سەریهەڵداوە

ئیدلب – نۆرس پرێس

لە دوێنێ شەممەوە 29\7\2023 قەیرانی کەمی بەنزین لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام، “بەرەی نوسرە”دا، سەریهەڵداوە.

سەرچاوەیەکی لە دەزگەی نەوتی سەر بە حکومەتی رزگاری رایگەیاند، “سەرهەڵدانی قەیرانی کەمی بەنزین دەگەرێتەوە بۆ راگرتنی هاوردەکردنی بەنزینی تورکی بۆ ناوچەکە، کە پێشتر لە رێگەی کۆمپانیای میدادی سەر بە حکومەتی کاتییەوە هاوەردە دەکرا، بەڵام لە رۆژی هەینی رابردووەوە  بەبێ ئەوەی هوکارەکەی ئەشکرا بکرێت، هاوردەکردنی بەنزینی راگیرا”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لایەنی دەسەڵاتدار لە ناوچەکەدا دەستیان بە سەر بەنزینی عەمبارکراودا گرتووە هەروەها بازاریان قورخکردووە.

ئەمرۆ نرخی لیترێک بەنزین گەیشتووەتە 38 لیرەی تورکی کە دەکاتە 17 هەزار لیرەی سوریی (1دۆلار و 25 سەنت) ئەوەش ئەگەر دەستکەوێت، حکومەتی رزگاریش تاوەکو ئێستاش هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە سەرهەڵدانی قەیرانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکەی نەداوە.

ئەو سەرچاوەیە دەلێت، ئەم قەیرانە بووەتە هۆی چالاکبوونی قاچاخی بەنزین لە عەفرینەوە بەرەو ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا.