ئوردن سوریا بە راگرتنی ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا تۆمەتبار کرد

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئوردن لایەنی سوریای بە راگرتنی ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا تۆمەتبار کرد، هاوکات بەرپرسانی کەرتی بازرگانی ئوردنی جەختیان لەسەر پێویستی کردنەوەی دەرگای هەناردەکردن بۆ سوریا کردەوە.

یوسف شەماڵی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئوردن گوتی، ئوردن هیچ کێشەیەکی نییە بەرامبەر بە ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ سوریا، بەڵام لایەنی سوریا سەرەرای کردنەوەی دەروازەی نەسیب، رێگری لە هاتنە ژوورەوەی کاڵای ئوردنی کرد، ئوردنیش هەموو ئاسانکارییەکانی بۆ کردنەوەی دەروازەکە دابینکردووە.

یوسف شەمالی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی دەیەوێت ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ سوریا بگەرێنێتەوە سەردەمی جاران، بەڵام لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و بە شێوەیەک کە گەرەنتی “یەکسانی و دادپەروەری” لە نێوان هەردوولادا بکات.

لای خۆیەوە فەتحی جەغبیر سەرۆکی ژووری پیشەسازی ئوردن، رایگەیاند، لایەنی سوریی هاوردەکردنی لە ئوردنەوە راگرت و سێ لیستی لەو بارەوە داناوە، “یەکەمیان بۆ ئەو کاڵایانە کە بەتەواوی هاوردەکردنی قەدەغەیە، دووەمیان بۆ ئەو کاڵایانەی کە گومرگیان لەسەرە، سێیەمیش بۆ ئەو کاڵایانە کە پێویستیان بە رەزامەندی پێشوەختە لە سوریاوە هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا باجی زۆر بەسەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی ئوردنیدا سەپاندووە کە لە نێو خاکی سوریاوە بەرەو لوبنان دەچن.

دەروازەی نەسیب یەکێکە لە دوو دەروازە سنوریەکانی نێوان سوریا و ئوردون، ساڵی 2015  کەوتە ژێر کۆنترۆلی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ساڵی 2018 حکومەتی سوریی دووبارە کۆنترۆڵیکردوە.