وەزیری دەرەوەی سوریا گەیشتە تاران

دیمەشق – نۆرس پرێس

فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

بەپێی میدیاییەکانی حکومەتی سوریا، سەردانەکەی فەیسەڵ میقداد چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و بڕیارە لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی کۆببێتەوە.

لە فڕۆکەخانەی تاران داوود کەلانتاری یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شا حوسێنی بەرپرسی بەشی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و باڵیۆزی سوریا لە تاران شەفیق دەیوب، پێشوازیان لە وەزیری دەرەوەی سوریان کرد.

ئاژانسی هەواڵی حکومەتی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، ئەم سەردانە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی سیاسی لە سەر ئاستی ڕۆژهەلاتی ناوەراست و جیهان  و ڕاوێژکردن لەبارەی پرسە هەنووکەییەکانەوە دێت.