درۆنەکانی ئۆکرانیا هێرش دەکەنە سەر پایتەختی رووسیا

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، رووسیا رایگەیاند، هێرشێکی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ سەر مۆسکۆی پایتەخت، زیانی بە دوو باڵەخانەی ئیداری لە ناوەندی پایتەخت گەیاندووە، لە هەمان کاتدا رایگەیاندووە کە چەند هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیان بۆ سەر نیمچە دورگەی کریمیا پووچەڵ کردووەتەوە، کە لە ساڵی 2014 ەوە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان بۆ سەر مۆسکۆ پووچەڵکرایەوە، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانەوە بەسەر “ئۆدینتسۆڤۆ”ی باشووری رۆژئاوای پایتەختدا بەردرایەوە، هەروەها دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە مۆسکۆ بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی لەکارخراون.

کیێڤ هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەدا، چونکە ئۆکرانیا رەتیدەکاتەوە بەرپرسیارێتی راستەوخۆ لە هێرشەکانی ناو خاکی رووسیادا بگرێتە ئەستۆ.

کرێملین ئۆکرانیای تۆمەتبار کردووە بەوەی لە چەند مانگی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی ئەنجامداوە، لەوانە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بینای کرێملین.

لە دواین نوێکاریدا کە لە میدیاکانی رووسیادا بڵاوکرایەوە، راگەێنراوە کە دوایین هێرش بووتە هۆی برینداربوونی پاسەوانێک.

ئاژانسی هەواڵی “تاس” کە سەر بە دەوڵەتی رووسیایە، بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانەی ڤنۆکۆڤۆی پایتەخت بەڕووی رۆشتن و هاتنی گەشتیاراندا داخراوە و گەشتەکانیش ئاراستەی فڕۆکەخانەکانی دیکە کراون.

لەلایەکی دیکەوە رووسیا رایگەیاندووە، کە ئۆکرانیا بە بەکارهێنانی 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ناوچەی کریمیا.

دەسەڵاتداران رایانگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانی 16 فڕۆکەی لەناوبردووە و 9 فڕۆکەش بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی زیانیان پێگەیشتووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا کە دوێنێ رایانگەیاند، کە هێرشێکی رووسیا، کوژرانی هاوڵاتیان و وێرانبوونی باڵەخانەکانی لێکەوتوەتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر